۱۳۹۱ فروردین ۹, چهارشنبه

کونگرەی یەکیەتی یارسان و یەک دوو قسەیەک


کونگرەی یەکیەتی یارسان و یەک دوو قسەیەک
بەدرێژایی مێژوو کۆمەڵگای یارسان بۆ مانەوە و پارێزگاریکردن لە ناسنامە و هەویەتی ڕەسەنی خۆیان بەیەکڕێزی و تەبایی تووانیوویانە بە سەر زۆر تەنگ و چەڵەمەدا سەرکەون. ڕەمزی سەرکەوتن و مانەوەی ئێمە لە گەرەوی یەکڕێزیمان بووە.پرسیار لێرەدایە بۆ چی کاتێک کۆمەڵگای ئێمە، کە ماوەیەکە بەدەست دووبەرەکی و کێشەی ناوخۆییەوە گیرودە بووە، خریکە بۆ بووژانەوە و یەکخستنەوەی ناوماڵی یارسان



هەوڵدەدات، هێندێک دەست کە تا دووێنێ لە هییچ جێگاێەک دیارنەبوون لە نەکاو سەرهەڵدێنن وبەپلانی هندێک دەستی شاراوە و تێکدەرانە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گڕ بۆ ئەوەی کۆمەڵگای یارسان هەر لە پەرتەوازیدا بمێنێتەوە و نەتووانێت بۆ ماف و داوا ڕەواکانی خۆی  لە ژێر چەترێکی یەکگرتوو خەبات بکات؟ ئایا بەڕاستی ئەم کەسە مەشکووکانە تا ئێستا پرسیاریان لە خۆیان کردوە کە لەم یاریە دوڕاوەیان کێ قازانج دەکات؟

لە فرهەنگی یارسانیدا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ڕاستوێژی، تەبایی و یەکیەتی بەردی بناغەی سەرکەوتنی ئەم کۆمەڵگاییەیە. کۆمەڵگای ئێمە ئێستا لە هەموو کاتێکیتر پێویستی بەم یەکیەتییەیە، هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی یارسانییە کە بۆ ئەم یەکیەتییە هەوڵبدات و وەک ئەرکێکی یارسانی و کوردی چاووی لێبکات.

یەکگرتنی ئێمە نەک تەنها کێشەیەک بۆ هیچ لایەنێک دروست ناکات، بەڵکو ئێمە لە ڕێگای ئەم کلتورە یارسانییەوە دەتووانین ناو ماڵی کوردی ڕێک بخەینەوە. مبارزەی ئێمە مبارزەیەکی ئاشتیخوازانەیە و هەمیشە هەموو کەس و لایەکمان بە چاووی ڕێزەوە سەیر کردووە و زۆرجاریش بۆ بەرژەوەندی گشتی لە زۆر شت گوزەشتمان کردوە. چوون ئاینەکەمان ئەوەمان لێدەخوازێت کە هەمیشە سەبوور و ئاشتیخواز بین و دەستی دوستی و برایەتی بۆ لای هەموو کەس ڕابکێشین.

من وەک تاکێکی یارسانی بۆ یەکڕێزی کۆمەڵگاکەم هازرم لە هەموو شت گوزەشت بکەم و وەفادار بە فەلسەفە و گوفتاری ئاینەکەم بمێنمەوە. کونگرەی یەکیەتی یارسان کە لە ماوەیەکی کورتدا دەبەسترێت فورسەتێکی گرنگە بۆ ئێمە کە بە هەموو لایەک نیشان بدەین کە ئێمە خۆمان دەتووانین ناو ماڵی خۆمان ڕێکبخەین و پێویستمان بە کەس نیییە. ئێمە جارێکی دیکە بە زۆر لایەنمان نیشاندا کە بەرژەوەندی باڵای یارسانی و کوردستانی لە هەموو شت بۆمان گرنگترە و هیچ هێزێک و دەستێک ناتووانێت برایەتی و گیانی لە خۆبوردووی ئێمە تێکبدات. لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری حیزبە کوردستانیەکان بە دەست لە یەکدابران و کێشەی ناوخۆییەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەن و لە جیاتی خەبات دژی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی، زۆر لە ئنرژی و توواناییەکانی خۆیان بە دەرگیری ناوخۆییەوە بە کار دەبەن، ئا لەم کاتوساتەدا ئێمە بەخۆشێیەوە هەوڵەکانی خۆمان بۆ دروستکردنی کیانێکی یەکگرتوو خستۆتەگڕ، کە بە خۆشییەوە ئاکامەکەی کونگرەیەکی یەکیەتی یارسانییە کە لە ٧-٨ی مانگی ٤ بەڕێوە دەچێت. ئەم لە خۆبوردویی و ڕۆحی برایەتی، ئاشتی و تەباییە دەتووانێت دەرسێکی زۆر بەنرخ بێت بۆ زۆر لایەنی سیاسی.

مێژووی ئێمە پڕە لە کارەسات و زۆڵم و زۆری ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئێستا گۆڕانێک لە ئارادایە، کۆمەڵگای ئێمە بە تێگەیشتنێکی سیاسی-کلتوری گەیشتووە کە چیدی ئەم زوڵم و زۆرانە قەبووڵ ناکات و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی خەبات دەکات. ئێمە نامانهەوێت چاوەڕوانی دەستی کەس بین بۆ ئەوەی مافمان بدەنێ، مافی ئێمە مافێکی سروشتییەو لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ سەبتکراوە. لە گۆرانکاری کۆمەڵگای ئێران و کوردستاندا لە داهاتوو، ئێمە تەنها لە ڕێگای یەکخستنی دەگەکانمانەوە دەتووانین مافە زەوتکراوەکانمان بەدەست بێنین.

بە باوەڕی من کونگرەی یەکیەتی یارسان، کونگرەیەکی سەرنوشتسازە و مافی هەموو تاکێکی یارسانییە کە بە دەنگ و بەشداری خۆیان زەرورەتێکی دیکە بەم کونگرەیە بدەن. زۆر جێگای داخە کە ئێمە هێشتا نەمانتووانیوە دەرسەدێکی بچووک لەو کەرەساتانەی کە بە سەر کۆمەڵگاکەماندا دێت بە دوونیای دەرەوە نیشان بدەین. دونیای ئەمرۆژ دونیای ڕاکێشانی چاووی کامیراکان و ماسمیدیا و کۆمەڵگا مرۆڤدوستەکانە بۆ دۆخی یارسانیەکان، کە بە داخەوە بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوەیەکی یارسانی ئێمە تا ئێستا نەمانتووانیووە بە باشی ئەم ئەرکە بەجێ بگەیەنین.

من بڕوام وایە ئیتر کاتی قسە و تئوریبافی بەسەرچووە و دەبێت ئەمەڵی هنگاوبێین و ئەرکێکی زۆر قورس لە سەر شانی تاک بە تاکی ئەندامانی ئەم گۆمەڵگایەیە کە دۆخی یارسانیەکان بۆ ڕای گشتی نیشان بدرێت و کۆمەڵگا مرۆڤدوستەکان لەو زۆڵم و زۆرەی کە لە یارسانیەکان دەکرێت ئاگادار بکەینەوە.

لە کۆتاییدا پێمخۆشە ئەوە بە بیر بێنمەوە کە هیچ کەسێک ناتووانێ شیرازەی "جەم"ی یارسان تێکبدات.

لێرەوە دیسانەوە ڕایدەگەیەنم کە بەشداری لە کونگرەی "یەکیەتی یارسان" ئەرکێکی یارسانییەوە و داوادەکەم بە بەشداریتان دەنگی خۆتان یەکخەن و نیشانبدەن کە ئێمە گیانێکین لە زۆر جەستەدا و برایەتیمان ڕەمزی سەرکەوتنمانە.


سەرکەوێت خەباتی هەقخوازانە و ئاشتیخوازانەی خەڵکی یارسان.

مەجید کازمی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر